یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ندازیاری و كۆمپیوتینگ به‌رده‌وامه‌

posted Aug 23, 2017, 1:52 AM by media tci


ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ دووه‌م ڕۆژی یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ندازیاری و كۆمپیوتینگ به‌رده‌وامى هه‌یه.

له‌دووه‌مین ڕۆژی یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ندازیاری و كۆمپیوتینگدا 42 توێژینه‌وه‌ى زانستى جیاواز له‌بواره‌كانى ئه‌ندازیار و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری وكۆمپیوتینگدا پێشكه‌شده‌كرێن.

هاوكات دوێنێ سێ شه‌ممه‌ له‌یه‌كه‌مین ڕۆژدا 15 توێژینه‌وه‌ پێشكه‌شكران و حه‌وت توێژینه‌وه‌ى دیكه‌ له‌شێوه‌ی پۆسته‌ر نمایشكران.

دوێنێ له‌به‌رواری 22-8-2017دا یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ندازیاری و كۆمپیوتینگ به‌سه‌رپه‌رشتى كۆلێژی ئینفۆڕماتیك له‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى و زانكۆی جیهان به‌ئاماده‌بوونی د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى و د.سۆران سه‌عید ڕاگری كۆلێژی ئینفۆڕماتیك و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستى و د.دانا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى بۆ كاروباری كارگێڕی و د.ئارام سه‌رۆكی زانكۆی جیهان و ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان و توێژه‌رانی نێوخۆیی و جیهانى ده‌ستی به‌كاره‌كانى كرد.

له‌سه‌ره‌تای یه‌كه‌م ڕۆژی كۆنفڕانسه‌كه‌دا ئاماده‌بووان ساتێك بۆ گیانى پاكی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان ڕاوه‌ستان، پاشان د.ئالان فه‌ره‌یدوون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى وتارێكی پێشكه‌شكرد، كه‌ تێیدا باسی له‌وه‌كرد، كارده‌كه‌ن بۆ بره‌ودان به‌ خوێندنی پیشه‌یی و له‌و پێناوه‌شدا به‌هاوكاری وه‌زاره‌تى خوێندنی بالأ كاریان بۆكردووه‌ و به‌رده‌وامیشده‌بن له‌كاركردن بۆی.

ناوبراو سوپاسی له‌ئاماده‌كارانى ئه‌م كۆنفڕانسه‌ و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای حكومه‌تى هه‌رێم كرد و هه‌وڵ و ماندوبونیانى به‌ بایه‌خ وه‌سفكرد.

پاش ئه‌وه‌ د.ئارام سه‌رۆكی جیهان وتارێكی پێشكه‌شكرد و سازدانى ئه‌م جۆره‌ كۆنفڕانسانى به‌ گرنگزانی و ئومێده‌واربوو سازدانى ئه‌م كۆنفڕانسانه‌ به‌رده‌وامى هه‌بێت.

دواتر د.سۆران سه‌عید ڕاگری كۆلێژی ئینفۆڕماتیك و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستى وتارێكی پێشكه‌شكرد، كه‌ تێیدا ورده‌كاری به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفڕانسه‌كه‌ و ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى سازدانی كۆنفڕانسه‌كه‌ی باسكرد، هاوكات به‌گرنگه‌وه‌ له‌ئاماده‌بوونی توێژه‌ره‌رانى نێوخۆیی و جیهانى ڕوانى.

لەبارەی ئامانجی بەڕێوەچوونی ئەم كۆنفڕانسە، ناوبراو باسی لەوەكرد، گواستنەوەی زانست و زانیاری لەنێوان توێژەرانی ناوخۆ و بیانی، دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان توێژەراندا، ئاشنابوون بە نویترین ئاستی زانست و تەكنەلۆژیا.

ڕوونیشیكردەوە، ئەنجامدانی ئەم جۆرە كۆنفڕانسە نێودەوڵەتییانە گرنگی خۆی هەیە و سودی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە زۆر توێژینەوەی لەبارەی ئەندازیاری و كۆمپیتەری تێدا بەشداریكردووە.

دواتر پرۆفیسۆر د. ناومی سه‌لیم ناسراو به‌ دایكی زانست و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆنفرانسه‌كه‌ ووتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد تێیدا ئاماژه‌یبه‌وه‌دا، یەكێك لەئامنجەكانی سازدانی ئەم كۆنفڕانسە كۆكردنەوەی توێژەرەكانە و لەڕێگەیەوە تەكنەلۆژیاو توێژینەوەكانیان بەرەوپێشتر بەرن.

وتیشی:"زانیاری زۆر گرنگ لەم كۆنفڕانسەدا بەبەشداربووان دەدەین، لەبوارەكانی تەكنەلۆجیای زانیاری و كۆمپیوتەر و ئەندازیاری، كە ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لەپێشخستنی تەكنەلۆژیادا".

ئاماژەی بەوەشدا، كاتێك گەڕایەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی بەهەموان دەڵێت كە كوردستان شارێكی ئارام و پارێزراوە و دوورە لەهەر توندوتیژییەك، هاوكات توانای زۆرباشیان لەپێشكەوتن لەبواری تەكنەلۆژیادا هەیە.

   زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵدا سێ كۆنفڕانسی دیكه‌ى له‌بواره‌كانى ئابووری و ڕاگه‌یاندن و ته‌ندروستى سازداوه‌.

ئاماده‌كردن: نزار جه‌زا








Comments