هەواڵ و چالاکی

یه‌كه‌م یاری خولی (مامی من) ئه‌نجامدرا

ئەمڕۆ یەكشەممە، ٢٥-٢-٢٠١٨ لە كەمپی كۆلێجە تەكنییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكەم یاری خولی تۆپی پێ بۆ 20 بەشی زانستی بەیانیان و ئێواران لە هەر چوار كۆلێجی تەكنیكی (كارگێڕی- تەندروستی- ئینفۆرماتیك- ئەندازیاری) ئەنجامدرا و 84 نەمام بۆ بەڕێز فەخەماتی سەرۆك كۆمار مام جەلال نێژرا، وەك رێزێك بۆ ئەو كەسایەتییە گرنگە كە هەمیشە خەخمۆری زانكۆ و پرۆسەی خوێندن بووە.

بە ئامادەبوونی بەڕێز پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی و سەرجەم راگر و یاریدەدەری راگرەكانی كۆلێجەكانی كەمپەكە و دەستەی سەرپەرشتی خولەكە و جەماوەرێكی زۆر مەراسیمێكی تایبەت بە خولەكە و یەكەمین یاری خولی (مامی من) بەڕێوەچوو.

سەرەتای خولەكە بە دابەشكردنی جلوبەرگی تایبەت بە تیپە بەشداربووەكان دەستیپێكرد و دواتر لەگەڵ دەستپێكی یەكەمین یاریدا دەقیقەیەك بە ماتەمینی وەستان بۆ گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال.

بەشێكی تری چالاكییەكان بریتی بوو لە ناشتنی 84 نەمام وەك هێمایەك بۆ تەمەنی پڕ خزمەتی بەڕێز فەخەماتی سەرۆك كۆمار مام جەلال، كە لە لایەن بەڕێزان سەرۆكی زانكۆ و سەرجەم و راگر و یاریدەدەری راگرەكانەوە نێژران.

خولەكە لەژێر ناوی (مامی من ) و بەسەر پەرشتی بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلی تەكنیكی سلێمانی بەڕێوە دەچێت و تایبەتە بە بەشە زانستییەكانی ئەو كۆلێجانەی كە لە كەمپی چوارچرادان.

ئامانج لە خولەكەش بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندی نێوان خوێندكاران و مامۆستایانی سەرجەم كۆلێجەكانە، هەروەك رەخساندنی كەشێكی وەرزشییە لە نێو زانكۆدا تا ببێتە هاندەرێك بۆ پێدانی گڕوتینێكی زیاتر بە خوێندكاران بۆ سەركەوتنیان لە خوێندنەكەیاندا.

فۆتۆ/بژوێن جمال

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

Back to top button
Close