هەواڵ و چالاکی

وێبینارێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “ژینگەی خوێندن، گەشەپێدانی کەمپی زانکۆ و پێکەوەبنیادنان” له‌ كۆلێجی ته‌كنیكی ئینفۆرماتیك بەڕێوەچوو

 

دوابەدوای چەند ئامادەکارییەک لە نێوان بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی ئەندازەو پڕۆژەکان و بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە وەزارەتی خوێندی باڵا (د. داوود ئەتروشی و بەڕێز شەماڵ) و د. ڕۆژین کەمال لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ماوەی پێشوودا، ئەمڕۆ چوار شەممە، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی، بەرواری ٢٩/٨/ ٢٠١٨، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی به‌ هه‌مەئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سەنتەرەکەمان وێبینارێکی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆفیسۆر د. ئۆلی نایمی ڕێکخست بە ناونیشانی “ژینگەی خوێندن، گەشەپێدانی کەمپی زانکۆ و پێکەوەبنیادنان”.

وێبینارەکە لەیەککاتدا لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، و دهۆك بە سکایپ پێشکەشکرا و جگە لە بەڕێوەبەر و ئەندازیارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەندازە و پڕۆژەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی سلێمانی و زانکۆی هەڵەبجە ژمارەیەک میوانی تریش کە لە دامودەزگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرییەوە هاتبوون بەژداری ئەم وێبینارە بوون.
پاش خۆناساندن و خستنەڕووی پرۆفایلی خۆی و لە دەستپێکی وێبینارەکەیدا، د. ئۆلی باسی شیوازی کلاسیک لە فێربوون و ئەو گۆڕانکارییانە کرد کە لە ژینگەی فێربوون ڕوویان داوە. ئەو وتی یەکێك لە کێشەکانی فێربوون ئەوەیە کە ئێمە لە فێربوون تێدەگەین بەڵام نەمانتوانیوە شێوازی فێربوون بگۆڕین و وتیشی کۆنسێپتی خوێندنگە خەریکە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم ڕووەوە باسی لە شێوازی فێربوونی هەماهەنگ و وانە وتنەوە بە تیم کرد کە شێوازی تازەن لە پڕۆسەی فێربوون و فێرکردن.

شایەنی باسە وێبینارەکە لە شاری سلێمانی لە کەمپی کۆلێژە تەکنیکییەکان لە چوارچرا، لە کۆلێژی تەکنیکی ئینفۆرماتیک نهۆمی دووەم، تاقیگەی ژمارە ٣ بەڕێوە چوو و زیاتر لە ٢٣ کەس تیایدا ئامادە بوون. لێرەدا جێێ خۆیەتی سوپاسی تایبەتی لێپرسراوان و کارمەندانی کۆلێژی تەکنیکی ئینفۆرماتیک بکەین کە دڵسۆزانە هاوکارمان بوون لە ڕووی دابینکردنی شوێن و پێداویستییە تەکنیکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی وێبینارەکە بە سەرکەوتوویی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close